شاعیر: حاجی قادری کۆیی
کتێب: غەزەل
سەرناو: بە شەستی زولف و ڕووی ماهی وەکوو ماهی گرفتارم

بە شەستی زولف و ڕووی ماهی وەکوو ماهی گرفتارم
گەهێ دڵگەستەیی مارم، گەهێ گیانخەستەیی نارم

سەگی دەرگات و مەجنوون و نجوومی ئاسمان یەکسەر
مەگەر هەر خۆت بزانی چۆن گەواهن من کە بێدارم

بە یادی نەخلی باڵات ئاو لە چاوما بێ قسوور هەردەم
دەجۆشێ، غایەتی دوورم، دەزانی من وەفادارم

لە بەحر و بێشە و سەحرا، نەهەنگ و زەیغەم و ڕووبار
وەکوو سەگ هەڵدەیێن ئێستا لە ئاه و ناڵەیی زارم

ئەمەیش جاران نییە قوربان توفەیلی بێمە سەر خوانت
خەتت میهمانییە ئەمساڵ نەماوە لەززەتی پارم

بە گریانی ڕیا واعیز بەسەرما هات و نەیزانی
کە وا من ئاشنام ناگاتە قاپیم مەستی هوشیارم

عەراقی بێ نەوا، مەشرەب موخالیف، وەک سەبا هەستە
مەقامی ڕاستی حاجی حیجازە گەر دەچێ یارم